١٢ نیسان ٢٠٢٢ - ١٣:٢٠
سەرۆکی فراکسیۆنى یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق: هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ لایەنەکەی بەرامبەر حکومەت پێک بهێنێت

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە عیراق بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و لە وەھا ھەل و مەرجێکیش دا دیارە پرەنسیپی سازان باشترین رێگایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «هەرێم کەمال ئاغا» سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە: هیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێت ڕێژەی یاسایی تەواوبکات و بە بێ لایەنەکەی بەرامبەری حکومەت پێک بهێنێت .

ئاماژەى بەوەش کردووە، قۆناغی دوای دەرچوونی بریاری دادگای فیدڕالی جیاوازە لە قۆناغی پێش دەرچوونی بریارەکە .

سەبارەت بەدۆسیەی نەوتیش «هەرێم کەمال ئاغا» جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پێویستە حکومەتی هەرێم لە پاڵ شاندی سیاسی تیمێکی هونەری لە پسپۆڕانی بواری یاسا و نەوتیش پێک بهێنێت ولە دانوستانەکان دا بەشدار بن.

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە، عیراق لە ئێستادا بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و دیارە لە وەھا ھەل و مەرجێکیش دا پرەنسیپی سازان باشترین رێگایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

342/